لە مانگی یۆنیۆی ٢٠٢١ ەوە ڕژێمی بیلاڕوسی ئوکاشێنکۆ خەڵکی بێگانە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا و ئەفریکا ڕاکێش دەکات، کە حەزدەکەن لە ئەوڕوپا بژین، لە ڕێگەی خەڵەتاندنیان بەوە ڕێگەیەکی ئاسانیان بۆ دەستەبەر دەکەن بە ڕێگای پۆڵەندا و لیتوانیا و لاتیڤیا. ئەوەش لە لایەن دەزگای تایبەتی بیلاڕوسی ئەنجام دەدرێت لەگەڵ هاوبەشەکانیان، کە کەسانی ناپیاو و تاوانبارن فێڵ لە خەڵکی دەکەن و دەیانکەنە قوربانی ڕێگەی هات و نەهات. بەشێکی زۆر لەو پارەیەی لە کۆچبەران وەردەگیرێ دەچێتە ناو گیرفانی ئوکاشێنکۆ و ڕژێمەکەی. دیکتاتۆری بیلاڕوس خۆی دانی نا بەوەی کە ئەوە ڕێیەکی باشە بۆ دەستکەوتنی پارە و قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی کە بەری کەوتووە بەهۆی ئابلۆقەی ئابووری یەکێتی ئەوڕوپا کە بەهۆی تاوانی دژبە نەتەوەکەی بەسەری سەپێنراون. ئەوەش کە لە پشتی ئەو کارانەوە دەوەستێت وڵاتی ڕوسیایە. بیلاڕوس بەشێکە لەو یەکێتییەی کە دروست بووە بەناوی یەکێتی ڕوس و بیلاڕوس، کە ئەوەش وادەکات ئەو ڕژێمە ببێتە پاشکۆی ڕوسیا، پێکهاتە سیاسی و سەربازییەکانیشی بەنزیکی پەیوەستن بە ڕوسیا کە ئەوەش دژی ئیرادەی نەتەوەی بیلاڕوسە. ڕوسیا نەریتی سەدان ساڵەی هەیە لە بەکارهێنانی مرۆڤ وەکو قەلغان، نمونەی ئەوەش بریتیە لە ڕاپێچ کردنی خەڵک بەرەو سیبیریا (خاکی نامرۆیی). لەو ناوچەیەدا کە بەدرێژایی ساڵ سەرماوسۆڵە، ژمارەیەکی زۆری خەڵکی پۆڵەندا نەفی کران بۆی، ئەوە بە بڕینی ڕێگایەکی هەزاران کیلۆمەتری کە پێی دەگوترێت “ڕێگای مەرگ”. لە سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت لە سیبیریا کامپی کارکردن دروستکرا، کە تیایدا خەڵکانێک وەکو کۆیلە کاریان پێ دەکرا و مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا. لەوێدا بەشێوەیەکی ئەندازیاریی خەڵکی بەزۆر ڕەوانە دەکران بە ڕێگای شەمەندەفەری ئاژەڵان، ژمارەیەکی زۆر لە نەتەوەی وەکو تاتارەکانی کریم و چیچانییەکان لە ساڵی ١٩٤٤ بەرەو ئەوێ نەفی کران. پێشتر لە ساڵانی ١٨٦٤ – ١٨٦٧ ملیۆنێک و نیو موسوڵمانی چەرکیس ڕاوەدوونران بەڕێگای دەریای ڕەش بۆ تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ڕوسەکان و بیلاڕوسەکانی ئەمڕۆش بەهەمان شێوەی پێشوو سود لەو ئەزمونە کۆنانە وەردەگرن، بیرۆکەی ئەندازیایی کۆچی بەزۆر لە پەرتوکی قوتابخانەکان دەخوێنرێن، ئەوەش هیچ شتێکی شاراوە نیە و دەتوانن ببینن و سەیری بکەن.
ئەو کردەوانە بەشێکن لە کاری ناسەربازیی بیلاڕوس و ڕوسیا کە دژی پۆڵەندا بەکاری دەهێنن. ئەوەی لە سنوری بیلاروس و پۆڵەندا ڕوودەدات بەشێکە لە پەلاماری ڕژێمی ئوکاشێنکۆ (یان ڕاستتر بڵێین یەکێتی نێوان ڕوسیا و بیلاڕوس)، شەڕی هیبرید (تێکەڵاو) بە ئامانجی دروستکردنی قەیرانی مرۆیی بۆ ئەوەی دواتر لە ڕێگەی خزمەتی زانیاریی و فشاری دەروونی، ئامانجی سیاسی و دارایی بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن.
لەبەر ئەوە نابێت هیچ کەس چاوەڕێی ئەوە بکات کە پۆڵەندا ڕێ بە کۆچبەرانی نایاسایی بدات سنوری وڵاتەکەی ببەزێنن و لای سەیر بێت کە هێزی پاسەوانی سنور هێز بەکاردەهێنن دژی هەر سنوربەزاندنێک بۆ ناو خاکی پۆڵەندا. هەر لە سەرەتاوە بەشێکی ئەو کۆچبەرانەی کە فێڵیان لێ کراوە لە عێڕاقەوە هاتوون بە تایبەتیش لە هەرێمی کوردستانەوە. کۆچبەرانی هاتوو بۆ وڵاتی بیلاڕوس و دواتریش بۆ سنوری پۆڵەندا، ئاگاداری ئەوە نین کە وەکو ئامراز بەکارهێنراون لە ئۆپەراسیۆنی “شلوز” کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاساییشی پۆڵەندا ئاڕاستە کراوە. یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو ئۆپەڕاسیۆنە بریتییە لە ناسەقامگیرکردنی ئەوڕوپا. پۆڵەندا پێداگرە لەسەر ئەوەی ئەو کارە پوچەڵ بکاتەوە. بەم مەبەستەش هێزی پاسەوانی سنور بە هاوکاری سوپای پۆڵەندا بەرپەرچی هەر جۆرە هەوڵێکی سنوربەزاندن دەداتەوە، ئەوانەش کە هەوڵی چوونە ناو خاکی پۆڵەندا دەدەن بەو ڕێگە نایاساییە دەبی هۆشیاری ئەوەیان هەبێت کە وەکو هەڕەشە بۆ سەر ئاساییشی نەتەوەیی پۆڵەندا ئەژمار دەکرێن بێ گوێدانە ئەوەی ئامانجی کۆچکردنیان چیە.
ئۆپەڕاسیۆنی “شلوز” و ڕژێمی ئوکاشێنکۆ
بیرۆکەی ئۆپەڕاسیۆنی شلوز لە ساڵانی ٢٠١٠-٢٠١١ سەری هەڵدا، کاتێک ڕژێمی بیلاڕوس ویستی پرسی کۆچکردن بەکار بهێنێت لە بەرانبەر یەکێتی ئەوڕوپا بۆ ناچارکردن بە پێدانی سەرانە (بەبیانوی پاراستنی سنورەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوڕوپا لە کۆچی نایاسایی، کە لە ڕاستیدا ڕژێمەکە خۆی ڕێکی دەخست). ئەو بیرۆکەیە دەچێتە خانەی جەنگی دیمۆگرافی، واتا بەکارهێنانی خەڵکی سڤیل بۆ دروستکردنی لێشاوی کۆچکردن، وەکو چەکێک دژی وڵاتێکی دیکە بۆ بەدەست هێنانی ئامانجی ستراتیژی. خەڵکی سڤیل لێرەدا کەسانی هێرشکەر نین، بەڵکو ئامرازن. ئامانجی بەکارهێنانی خەڵکی سڤیل جۆراوجۆرە، لەوانە دەسکەوتی دارایی (بۆ نمونە تورکیا لە ساڵی ٢٠١٥ بەم مەبەستە ٦ ملیار دۆلاری لە یەکێتی ئەوڕوپا دەست کەوت)، هەروەها ئامانجی سازشی سیاسی، ناسەقامگیرکردنی وڵاتان و هتد.
بۆ ئەوەی تێبگەین بیلاڕوس و ڕوسیا چ ئامانجێکیان لەوە بەدەست هێناوە، لە مەسەلەی ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە لە ساڵی ٢٠٢١ دەستی پێکردووە، دەبێت کۆی ڕووداوەکان بزانین. لە مانگی ئۆگوستی ساڵی ٢٠٢٠ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە بیلاڕوس بەڕێوەچوو. دەسەڵاتداری ئەم وڵاتە ئەلێکساندەر ئوکاشێنکۆ کە لە ساڵی ١٩٩٤ ەوە سەرۆکە، لەم هەڵبژاردنە شکستی هێنا (ئەمەش بە گوێرەی دەزگا سەربەخۆکانی ئەم وڵاتە)، بەڵام ئەنجامەکانی دەسکاری کرد و سەرکەوتنی خۆی ڕاگەیاند. ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی ڕاپەڕین و خۆپیشاندانی سەرتاسەری کە دواتر بەشێوەیەکی توندوتیژ سەرکوت کرا. ڕەنگە ئەوە شتێکی سەیر بێت بۆ خەڵکی عێڕاق، بەڵام عێڕاق وڵاتی زۆر دیمۆکراتیترە لە بیلاڕوس. لە عێڕاق هەڵبژاردنەکان ساختە ناکرێن، هەموو کەس دەتوانێت خۆی کاندید بکات، و میدیاکانیش بەم شێوەیە لەژێر باڵی یەکلایەن نین. ئوکاشێنکۆ لە ساڵی ١٩٩٩ فەرمانی کوشتنی ڕکابەرەکانی خۆی دا کە ئەوانە بوون: ڤیکتۆر هارانچ، یوری زاخارانکا، ئاناتۆل زاکراوسکی، هەروەها ڕۆژنامەنوس دیمیتری زاڤادسکی. دوای ئەوە هەرچی میدیای سەربەخۆ هەبوو لەناوی برد، ڕاوەدووی هەموو ئۆپۆزسیۆنی نا، زۆر لە نەیارەکانی خۆی خستە زیندانییەوە، لەوانەش ڕکابەرەکانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و هەندێکیشی ناچار بە کۆچ کرد بۆ دەرەوەی وڵات. زۆر لەوانەی کە بەشداری پرۆتێستەکانیان کردبوو، ئەوانەی کە نەیانتوانی ڕابکەن بۆ وڵاتی پۆڵەندا، دەسگیرکران و لە زیندانەکان دان (سزای زیندانی بۆ ماوەی ١٥ ساڵ). عێڕاقییەکان دەزانن کە خۆپیشاندان تاوان نیە، چونکە لە زۆرجار لە شارەکانی بەغدا و بەسرا و هەولێر خۆپیشاندانیان ئەنجام داوە. لە بیلاڕوس ئەوە بە تاوان لەقەڵەم دەدرێت.
یەکێتی ئەوڕوپا دانی بە ئەنجامی هەڵبژاردەکانی بیلاڕوس نەنا و بڕیاری دا ئوکاشێنکۆ کەنارگیر بکات. دۆخەکە لە ٢٣ی مایسی ٢٠٢١ زێتر پەرەی سەند کاتێک فڕۆکەی سڤیڵ لە ئاسمی بیلاڕوس ناچار بە نیشتنەوە کرا لە مینسک کە لە ئەتیناوە بۆ ڤیلنۆ گەشتی دەکرد، ئەوەش لە ژێر هەڕەشەی تەقاندنەوە. ئەو ئۆپەڕاسیۆنی تیرۆریستییە ئەنجامدرا بۆ دەسگیرکردنی چاڵاکوانی بیلاڕوسی ڕۆمان پراتاشێڤیچ کە لەناو فڕۆکەکە بوو، کە دواتر سزای زیندانی کردنی بەسەر سەپێنرا بۆ ماوەی ٨ ساڵ. یەکێتی ئەوڕوپا بڕیاری دا سزای ئەم وڵاتە بدات لەوانە لە ڕێگەی داخستنی ئاسمانەکەی.
بەگەڕخستنی ئۆپەڕاسیۆنی شلوز لە لایەن ڕژێمی ئوکاشێنکۆ لە ڕێگەی هێنانی خەڵکی عێڕاق، بریتی بوو لە کاردانەوەی ئوکاشێنکۆ دژی ئەو بڕیارانەی یەکێتی ئەوڕوپا. ئامانجی ئەوەش ئەوە بوو یەکێتی ئەوڕوپا پاشگەز بێتەوە لە سزاکانی و وازبێنێت لە پشتیوانی کردنی ئۆپۆزسیۆنی بیلاڕوسی و دان نان بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن. پاڕادۆکس ئەوە بوو کە ئەو کۆچبەرانەی دەیانوسیت بەشێوەیەکی نایاسایی سنورەکان ببڕن و خۆیان وەکو ئاوارە دادەنا (تەنها تاکوتەرا ئاوارەیان تێدابوو)، بوونە ئامرازێک دژی ئۆپۆزسیۆنی بیلاڕوس. پۆڵەندا ڕێگەی بەوە نەدا و بڕیاری دا سنورەکان دابخا و بەوپەڕی پێداگرییەوە پلانەکانی ئوکاشێنکۆ پوچەڵ بکاتەوە. بەڵام بەداخەوە کۆچبەرانی هاتوو بۆ بیلاڕوس باجەکەیان دا کە زۆربەیان خەڵکی عێڕاق بوون و بە تایبەتیش لە هەرێمی کوردستانەوە.
بەڵام ئامانجەکانی ئۆپەڕاسیۆنی شلوز فراوانتر بوون. لە سێپتێمبەری ٢٠٢١ لە ئەڵمانیا هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوەچووو تارمایی دووبارەبوونی قەیرانی کۆچکردن دیسانەوە بەرۆکی ئێلیتی سیاسی گرت. هاتنی بەلێشاو و کۆنتڕۆڵنەکراوی کۆچ دەبێتە دروستکردنی گەلێک کێشەی کۆمەڵایەتی و پێکدانان و هەڕەشەی تیرۆریستی و زۆربوونی هێزە توندئاژۆکان. لێرەدا گرنگ نیە ئایا گڕوپی کۆچبەرەکان بە ڕاستی دەبنە مایەی هەڕەشە یان نا، چونکە دەرەنجامە نێگەتیڤەکان لە کۆی ڕووداوە جیاوازە سۆسیۆلۆژییەکان دروست دەبن. بە تایبەت ترسی ئەوە دروست بوو کە هاتنی بەلێشاو دەبێتە زیندووکردنەوەی ڕەوتە دژی کۆچبەری و دژی ئیسلام و ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی وەکو پارتی ڕاستڕەوی ئەڵمانی توندڕەو (AFD)، کە قسەکەری بەرژەوەندییەکانی ڕوسیایە لە ئەڵمانیا. سەرکەوتنی پارتی ناوبراو لە هەڵبژاردنەکان و قەیرانی سیاسی لە قازانجی ڕوسیا و بیلاڕوس دەبوو. ئەو قەیرانەش دەبووە هۆی لاوازکردنی یەکێتی ئەوڕوپا و ملکەچبوونی ئەڵمانیا.
ئۆپەڕاسیۆنی شلوز ئامانجی ئەوەش بوو لە سومعەی پۆڵەندا بدات لە بەرانبەر ڕای نێودەوڵەتی، ببێتە هۆی دروستکردنی قەیرانی ناوخۆیی و پارچە کردنی کۆمەڵگە و دەزگا حکومییەکان بخاتە ژێر پرسیارەوە. ئامانج ئەوە بوو کە ئەگەر پۆڵەندا نەتوانێت بەرەنگاری ئەو قەیرانە ببێتە ئەوا دەبێتە هۆی لاوازبوون و لێدن لە پێگەی وەکو وڵاتێکی یەکێتی ئەوڕوپا، مەبەش مەترسی بۆ سەر دامەزراوەیی بوونی وڵاتی پۆڵەندا دروست دەبوو، ئەوساکە یەكێتی ئەوڕوپا دەچووە ناو دانوستان لەگەڵ ڕوسیا و بیلاڕوس و بێ گوێدانە پۆڵەندا. بەڵام هێزەکانی پاسەوانی سنور ئەو پلانەیان پوچەڵ کردەوە.
بەڵام بەداخەوە ئەوە بووە هۆی بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک درۆ و دەلەسە سەبارەت بەوەی پۆڵەندا وڵاتێکی ڕاشیزمە و دەزگا ئەمنییەکان خراپ مامەڵەیان کردووە. ئەوە لە کاتێک کە سنوری پۆڵەندا بیلاڕوس زۆر ترسناکە، ڕوبارێکی تیایە کە بە ئاسانی دەکرێ مرۆڤ تێیدا بخنکێت، دارستانی چڕ و زەلکاوی لێیە، کە ئاژەڵی کێوی تێدایە و مرۆڤ بە ئاسانی لەناوی بزر دەبێت. حاڵەتی وا هەیە کە کەسانێک بزر بوون و لە سەرما ڕەق بوونەتەوە، بە زستانیش توشی ووشکبوونەوەی جەستە دەبن. پۆڵەندا بەرپرس نیە لەو ڕووداوانەی سنور، بەڵام دەخوازێت ئاگاداری هەموو لایەک بکاتەوە لە دووبارە بوونەوەی ئەو تراژیدیایە.
ڕەفتاری دەزگاکانی بیلاڕوس – بەکارهێنانی کۆچبەران وەکو ئامرازی فشارکردن
لەوبەر سنوری بیلاڕوس، هێزە ئەمنییەکان ئازاری کۆچبەران دەدەن و ناچاریان دەکەن بۆ کۆچ هێنان، بەشێوەیەک کە ببێتە هۆی لێکەوتنەوەی کارەسات. حاڵەت هەیە بە تەواویش بەدۆکومێنت کراوە، کە چۆن هێزەکانی بیلاڕوس لە کۆچبەرێک دەدەن تا ئاستی مردن، ئەنجا ناچاری دەکەن بۆ ئەوەی بەرەو سنوری پۆڵەندا بڕوات و لەوێ بمرێت، ئەنجا تاوانەکەش بخەنە ئەستۆی پۆڵەندا. ئەو کارەش دەکەن بۆ ئەوەی چاوی میدیاکان بۆ ڕووداوەکان کێش بکەن و وای نیشان بدەن کە هۆکاری ئەو کارەساتانە ئەوەیە پۆڵەندا هاوکاری کۆچبەران نادات. ڕاستی ئەوەیە کە دەزگا ئەمنییەکانی پۆڵەندا لەسەر سنورن بۆ ئەوەی سنورەکان و ئاساییشی نەتەوەیی بپارێزن نەوەک فریا بکەون بۆ ڕزگارکردن، چونکە ئەوکاتە دەبێت سنورەکانی بیلاڕوس ببڕن بۆ گەیاندنی هاوکاری، ئەوەش بە مانای بەزاندنی سنوری وڵاتێکی بێگانە دێت، ئەنجا وڵاتێکی دوژمنی وەکو بیلاڕوس، کە تەنها لە بوارێک دەگەڕێت بۆ ئەوەی وڵاتی پۆڵەندا تاوانبار بکات بە تاوانی دەستدرێژی. ئەوەش کارێکی ڕێگەپێدراو نیە. تەنانەت لە ناو خاکی پۆڵەنداش گەڕان بە دوای برینداران زەحمەتە، چونکە ڕادەکەن لە دەستی هێزە ئەمنییەکان و دەیانەوێ گەشتەکەیان بۆ وڵاتی ئەڵمانیا تەواو بکەن. چونکە هەر خۆڕادەستکردنێت واتا کۆتایی هێنان بە گەشتەکەیان کە پارەیەکی زۆریان بۆ داوە. هەر کەسێک ڕێگەی بیلاڕوس دەگرێتە بەر دەبێت درک بەوە بکات کە هێزە ئەمنییەکانی بیلاڕوس فەرمانیان هەیە بەشێوەیەکی وەحشیانە مامەڵە لەگەڵ کۆچبەران بکەن و دژی پۆڵەندا بەکاریان بهێنن. هیچ خەیاڵێکی ژیانێکی خۆش شایانی ئەوە نیە ژیانی خۆتی بۆ بخەیە مەترسیەوە بە دەستی ڕوسەکان و بیلاڕوسەکان. کەسیش ناتوانێت پۆڵەندا لە بەرانبەر ئەوە تۆمەتبار بکات.
یەکێکی دیکە لە بەربەستەکان بۆ پاراستنی سنوری وڵات دانانی بەربەستێکی ئەلیکتڕۆنی بە درێژایی ٢٠٦ کیلۆمەتر لەگەڵ پەرژینێک بە بەرزی ٥،٥ مەتر کە بە تێلی تیژ بەستراوە لەگەڵ سیستەمی مۆنیتۆرینگ (کامێرا). هەر هەولێك بۆ بڕینی ئەو پەرژینە دەبێتە هۆی سزادان و زیندانی کردن بۆ ماوەی چەندین ساڵ، دوای ئەوەش دیپۆرتی وڵاتەکانی خۆیان دەکرێنەوە و ئیتر ناتوانن بێنە ناو خاکی پۆڵەندا و هیچ وڵاتێکی دیکەی یەکێتی ئەوڕوپا. بەزاندنی سنور بە واتای ئەوە نایەت کە کۆچبەری نایاسایی دەتوانێت بێتە ناو خاکی پۆڵەندا، بەڵکو هێزی پاسەوان کەسەکە سنورداش دەکەنەوە بۆ وڵاتی بیلاڕوس. هێزەکانی پاسەوانی سنور ڕاستەوخۆ دوای دەسگیرکردن ئەو کارە ئەنجام دەدەن. ڕۆژانە دەیان کەس بەم شێوەیە ڕەوانەی ئەودیو سنور دەکرێنەوە. تەنها لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٣ ٣٧٠ تاوانبار دەسگیرکراون کە هاوکار بوون بۆ پەڕاندنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی.
کۆچبەرانی هاتوو بۆ بیلاڕوس نەك تەنها بۆ سنوری پۆڵەندا بەڵکو بۆ سنورەکانی لیتوانیا و لاتیڤیاش ڕاپێچ دەکرێن. جیا لەوانەش سنورەکانی فینلەنداش دووچاری پەلاماری لەم جۆرە بووەتەوە، هەر بۆیە وەکو پۆڵەندا بڕیاری دا پەرژینی کارەبایی دروست بکات بۆ ڕێگرتن لە کۆچی نایاسایی. هەموو ئەو کردەوانە لە لایەن هەریەک لە ڕوسیا وبیلاڕوس بەشێکن لە جەنگی هیبرید (جەنگی تێکەڵاو) دژبە وڵاتانی ڕێکخراوی ناتۆ و ئەوانەی بۆ ئەم مەبەستە بەکار دەهێنرێن دەبێت هۆشیاری ئەوەیان هەبێت کە بەم کردارەیان دەبنە بەشێک لەو جەنگە ئەگەر بیانەوێ یان نا. بۆیە دەمانەوێ ئاگاداریان بکەینەوە لەوە.
هەموو ئەوانەی دێن بۆ بیڵاروس بە مەبەستی کۆچکردن بۆ ئەوڕوپا، دەبێت هۆشیاری ئەوەیان هەبێت کە پەیوەندییەکانی نێوان ڕوسیا و بیلاڕوس لەگەڵ وڵاتی پۆڵەندا پەیوەندییەکی دوژمندارانەیە. ڕوسیا و بیلاڕوس پێکەوە دەیانەوێ دۆخی ناوخۆی پۆڵەندا تێکبدەن لە ڕێگەی بەکارهێنانی کۆچبەران. ئەوە بەشێکە لەو جەنگە تێکەڵاوەی کە ڕوسیا بەرپای کردووە دژی پۆڵەندا، کە پێی دەگوترێت جەنگی هیبرید. هاتنی بەلێشاوی کۆچبەران بۆ پۆڵەندا بە مەبەستی ئەوەیە دام و دەزگاکان بخرێنە ژێر پرسیارەوە و متمانەی کۆمەڵایەتی پێ لەکەدار بکرێت، بۆ نمونە هێزی پاسەوانی سنور و سوپا و پۆلیس. هەروەها ببێتە هۆی جەمسەرگری کۆمەڵایەتی و هێز و لایەنەکانی ناوخۆ دژی یەک بوەستن، لە کۆتاییدا ببێتە هۆی سەرهەڵدانی توندوتیژی (بۆ نمونە پەلاماردانی کۆچبەران).
ئۆپەڕاسیۆنی شلوز پەیوەندییەکی نزیکیشی هەیە لەگەڵ پەلامارەکانی ڕوسیا بۆ سەر ئوکراینا. بۆیە هەر کەسێک بەناوی کۆچی نایاسایی دەیەوێت سنوری پۆڵەندا ببڕێت دەبێت بزانێت کە خۆی دەخزێنێتە ناو شەڕ و ململانێی خوێناوی کە تیایدا دەیان هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە. وەکو ئەوە وایە لە کاتی جەنگی داعش بچیتە موسڵ و دواتر درک بەوە بکەیت کە شوێنەکەت مەترسیدارە. هێنانی بەلێشاوی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ سەر سنوری پۆڵەندا ئامانجێکی دیکەشی هەبوو، ئەویش ئەوە بوو ڕوسیا پێش ئەوەی پەلاماری پلان بۆ دانراوی سەر ئوکراینا جێبەجێ بکات، خوازیاری ئەوەبوو تواناکانی پۆڵەندا تاقی بکاتەوە کە ئایا دەتوانێت ئاوارە لەخۆی بگرێت یان نا. هەشت مانگ دواتر جەنگی ئوکراینا دەستی پێکرد. پۆڵەندا چەند ملیۆنێک ئاوارەی ئوکراینای وەرگرت. هێزەکانی ڕوسیا و بیلاڕوس خوازیاری ئەوە بوون کۆمەڵگەی پۆڵەندی پاشگەز بکەنەوە لە هاوکاری کردنی ئاوارەکان، لە کاتێک کە دەیانزانی بەم زووانە ژمارەیەکی ئێجگار زۆر ئاوارە ڕوو لەم وڵاتە دەکەن. ئەوان دەیانویست ئاگایی حکومەتی پۆڵەندا و هێزەکانی بەلاڕێدا ببەن و لە توانایان نەبێت کاردانەوەیان هەبێت بۆ سەر ڕووداوەکانی ناوخۆی ئوکراینا و سنورەکانی ئوکراینا و پۆڵەندا. ئەگەر پۆڵەندا سنورەکانی لەگەڵ بیلاڕوس بکردایەوە بۆ کۆچی نایاسایی ئەوساکە سەرقاڵییەکانی دوو هێندە دەبوون و نەیدەتوانی سەرەنج بخاتە سەر ڕووداوەکانی ئوکراینا. لێرەدا مەبەست ئەوە نەبوو کە ئەوانە خەڵکی کوێن و خەڵکی کوێ نین، بەڵکو جیاوازی لەوەدایە کە خەڵکی ئوکراینا بەهۆی جەنگ ئاوارە دەبوون، بەڵام ئەوانەی سنوری پۆڵەندا و بیلاڕوس کۆچبەری نایاسایی بوون و بەهۆی جەنگ ڕایان نەکردبوو، کە زۆربەشیان لە ڕەگەزی نێر بوون. پۆڵەندا دەزانێت کە لە عێڕاق و هەرێمی کوردستان بارودۆخ شلۆقە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جەنگ لە ئارادا نیە. لە بەسرا و بەغدا و هەولێر و سلێمانی ڕۆژانە بۆمباران ناکرێن، بەڵام لە ئوکراینا جەنگ لە ئارادایە. دروستکردنی تەوژمی دژە کۆچ لە وڵاتی پۆڵەندا، وەکو دەرەنجامێکی ئۆپەڕاسیۆنی شلوز، ئامانجی ئەوەی لە پشت بێت کە حکومەت نەتوانێت هاوکاری ژن و منداڵانی ڕاکردووی ئوکراینی بدات. پۆڵەندا نەیدەتوانی ڕێگە بەوە بدات، چونکە ئەوە کارێکی دوور لە ڕەوشت و مۆڕاڵ بوو.
ئامانجێکی دیکە هێنانی بەلێشاوی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ پۆڵەندا بە ئامانجی پەردەپۆش کردنی کاری تێکدەرانە بوو لە دژی پۆڵەندا. مەبەست لێرە ئەنجامدانی کاری تیرۆریستییە لەژێر ناوێکی ساختە و کەوتنەوەی ڕووداوە لە سنور بە بەشداری بەکرێگیراوانی ڕوسیا. بۆ ئەم مەبەستەش ڕوسیا کامپێکی دروست کرد لە بیلاڕوس نزیک سنوری پۆڵەندا بە بەشداری هێزەکانی ڤاگنەر کە لە ڕوانگەی پۆڵەنداوە باندی مافیا و تیرۆریستن. هێزەکانی ڤاگنەر فەرمانی دەسەڵاتدارانی ڕوسیا جێبەجێ دەکەن (جگە لەوەی کە سەرکردەی ئەو هێزە پریگۆژین لە لایەن ڤلادیمێر پوتین لەناوبرا)، خەڵکی بێگانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریکا بۆ ڕیزەکانیان کێش دەکەن. ڕاپێچ کردنی بەلێشاوی کۆچبەران بۆ سەر سنوری پۆڵەندا هەڕەشەیەکی دیکە دروست دەکات، پۆڵەنداش دەبێت پێش هەموو شتێک هاوڵاتییانی خۆی بپارێزێت. بۆ ئەم مەبەستەش ١٠ هەزار سەربازی سوپا نێردرانە سنورەکان بە هاوکاری هیلیکۆپتەر و گوێزەرەوەی دژە تۆپ.
توێژینەوەی ڕای گشتی پۆڵەندا بە یەکدەنگی دەری دەخەن کە خەڵکی پۆڵەندا پشتیوانی هەوڵەکانی هێزەکانی پاسەوانی سنور دەکەن لەگەڵ بیلاڕوس لە دژی هەر جۆرە سنوربەزاندنێکی نایاسایی کۆچبەران و چاوەڕێی ئەوە دەکەن لە دەسەڵاتداران کە ئاساییشیان فەراهەم بکات و سنورەکان توندوتۆڵ ڕابگڕێت. پۆڵەندا وڵاتێکی دیمۆکراتییە و دەسەڵاتیش دەبێت خواستی هاوڵاتییانی جێبەجێ بکات لە پاراستن و ئاساییشی هاوڵاتییانی. ئەوە شتێکی ئاساییە لە هەموو وڵاتێک، بۆیە نابێت کەس چاوەڕێی شتێکی دیکە لە ئێمە بکات. پۆڵەندا ناخوازێک کەسانێک کە فێڵیان لێ کراوە لە سەر سنورەکان گیان لەدەست بدەن کە لە لایەن ڕوسیا و بیلاڕوسەوە ڕاپێچ کراون. ئەوەش ناخوازین کە تاوانباران لەسەرگیرفانی کەسانی خەڵەتێنراو قازانج بکەن، بۆیە بانگەوازی هەمووان دەکەین کە ئەم ڕێگایە نەگرنە بەر بۆ بیلاڕوس بۆ بڕینی سنور و کۆچی نایاسایی.
—
Public task financed by the Ministry of Foreign Affairs of the Republic of Poland within the grant competition “Public Diplomacy 2023”
The opinions expressed in this publication are those of the authors and do not reflect the views of the official positions of the Ministry of Foreign Affairs of the Republic of Poland.