پلانی ئوکاشێنکۆ: ناسەقامگیری پۆڵەندا و تێکدانی ئارامی ئەوڕوپا
هاتن بۆ بیلاڕوس ڕێگەیەکی ئاسان نیە بۆ کۆچکردن بەرەو ئەوڕوپا، بەڵکو بەشێکە لە ملمانێی نێوان ڕوسیا و بیلاروس لەگەل پۆڵەندا و وڵاتانی ئەوڕوپا. ئەو ململانێیە بەشێکە لە سیاسەتی توندوتیژ و داگیرکارانەی ڕوسیا کە دەتوانین ئەنجامەکەی لە وڵاتی دراوسێی هەریەک لە ڕوسیا و بیلاڕوس و پۆڵەندا، واتا لە ئۆکراینا ببینین، کە تیایدا بە هۆی پەلاماری ڕوسیا جەنگ بەرپابووە. لە ئەنجامی ئەو جەنگە نزیکەی سەت هەزار کەس کوژراون، سەدان هەزار بریندارن و ملیۆنەها خەڵکی سڤیلیش ڕایانکردووە و پەنایان بۆ وڵاتان لەوانە بۆ پۆڵەندا بردووە. هەموو جۆرە پەڕینەوەیەکی نایاسایی بۆ سنوری پۆڵەندا لەژێر هەر ناوێک بێت لەو باردودۆخەدا بریتیە لە کارێکی شێتانە و وەکو کردەیەکی دوژمنانە بۆ سەر پۆڵەندا و ئاساییشی ئەو وڵاتە ئەژمار دەکرێت. ئایا دەکرێ ئەو بێنینە بەرچاومان کاتێک داعش هێرشی کرد، هێز و سوپای عێڕاق و هەرێمی کوردستان چاوپۆشی بکەن لە هاتنی کۆچبەران بۆ ناوخۆی وڵات بەشێوەیەکی نایاسایی و بێ ئەوەی ئەژمار بۆ هیچ یاسا و ڕێسایەکی وڵات بکرێت؟ کەواتە زەحمەتە چاوەڕێی ئەوە بکەین وڵاتی پۆڵەندا بەشێوەیەکی دیکە هەڵسوکەوت بکات وەکو ئەوەی پێویستە لەسەری بۆ پاراستنی ئاساییشی وڵاتەکەی.
پۆڵەندا جیاکاری دەکات لە نێوان کۆچبەر و ئاوارە، بێ گوێدانە ئەوەی کە سەر بە چ ئایینێکن و ڕەنگی پێستیان چ ڕەنگێكە، بەڵکو هۆکاری بڕینی سنور بڕیاردەری سەرەکییە. هەمان شت لە عێڕاق ڕوویدا لە کاتی شەڕی داعش. ئاوارەکان ئەوانە بوون کە لە دەست تیرۆریستان ڕایانکرد لە موسڵ و شەنگال و تەلەعفەر و ئەو شوێنانەی کە داعش داگیری کردبوون. ئاوارەکان لە بەنگلادش و فلیپین و جۆرجیا و پاکستانەوە نەبوون کە ئێستا لە هەولێر و بەغدا و نەجەف کاردەکەن. یاخود لە وڵاتانی ئەوڕوپا و ئاسیا و ئەفریکا نەبوون، کە ئامانجی خراپیان هەبێت بۆ نمونە ئامانجیان ئەوە بێت جاسوسی بکەن یان کاری تێکدەرانە و تیرۆریستی ئەنجام بدەن یان مەبەستیان بووبێت بچنە ڕیزەکانی داعش. هەر بۆ ئەمەیە کە هێزی پاراستنی ئاساییش هەن و دەبێت هەموو شتێک بپشکنن. لە بارودۆخی هەبوونی مەترسی بۆ سەر ئاساییشی نیشتمانی، کە ئێستا وڵاتی پۆڵەندا لەو دۆخەدا خۆی دەبینێتەوە، هەروەک عێڕاق لە کاتی جەنگی داعش هەیبوو، ئەو ڕێسایانە زێتر توند دەکرێن و ئەو کەسانەش کە بیانەوێ ئەو ڕێسایانە بشکێنن دووچاری کاردانەوەی توند دەبنەوە.
پۆڵەندا ئاوارەی لە وڵاتی ئوکرایناوە وەرگرت بێ ئەوەی گوێ بەوە بدات کە ئاوانە خەڵکی ئوکراینان یان قوتابی و ئیشکەری بێگانەن لەم وڵاتە دەژین، لەوانیش عێڕاقی، کورد، عەرەب، هیندی و موسوڵمان و هتد. هەمووشیان دەبووایە لە خاڵی سنوری بێنە ژوورەوە و پشکنینیان بۆ بکرێت و ناسنامەی خۆیان نیشان بدەن و بۆ ئەوەی فەرمانی هێزی پاسەوانی سنور جێبەجێ بکەن. هەمان شت کاتێک خەڵکانێک لە سنوری داعشەوە ڕایاندەکرد. ئایا هێزە عێڕاقییەکان بە سوپا و پێشمەرگەوە چۆن مامەڵەیان لەگەڵ کەسانێک یان گڕوپێک دەکرد کە لە سنورەکانی داعشەوە بێن و بیانەوێ خاڵی کۆنتڕۆڵ کردن ببەزێنن و ڕابکەن لەدەست پۆلیس و هێزەکانی سنور؟ یان بە ئاسن و دار پەلاماری هێزەکانی عێڕاقییان بدایە؟ بە تایبەتی ئەگەر تیرۆریستانی داعش سەرکردایەتییان بکردنایە؟ بەم شێوەیە ئەو هێزانەی دژی وڵاتی پۆڵەندان مەبەست هێزەکانی بیلاڕوسە، گڕوپی شەڕکەر و تێکدەر ئامادە دەکەن بۆ پەلاماردانی پۆڵەندا و هێزەکانی پاسەوانی سنور و سوپا. دەیانەوێ بەم شێوەیە ببنە هۆی ڕشتنی خوێن بۆ وروژاندن.
ئەو کۆچبەرانەی دەیانەوێ بەشێوەیەکی ناشەرعی سنوری نێوان پۆڵەندا- بیلاڕوس ببەزێنن، دەبنە هۆکاری مەترسی بۆ سەر پۆڵەندا و هەموو یەکێتی ئەوڕوپا و دەبێت حیساب بۆ ئەوە بکەن کە دووچاری هەمان ئەو کاردانەوەیە دەبنەوە کە کاتێک کەسێک لە سنورەکانی داعشەوە دەهات و دەیویست خۆی لە کۆنتڕۆڵ کردن بدزێتەوە. بۆ وڵاتی پۆڵەندا جیاوازی نیە لە نێوان داعش و ڕژێمی پوتین و دیکتاتۆری ژێر دەستی ئەو “ئۆکاشێنکۆ”. پوتین لەپای ئەو تاوانانەی ئەنجامی داون ئێستا داواکراوە لە لایەن دادگای سزادانی نێودەوڵەتی، ئەوەش تازە سەرەتایە. ڕوسەکان و دەزگا سەربازییەکانی ئوکاشینکۆ بەرپرسن لە چەندین تاوانی بێ ویژدانانە، دەستدرێژی و کوشتن. هەرکەسێک بچێتە ناو پلانی پوتین و ئوکاشێنکۆ دژی پۆڵەندا، دەبێت چاوەڕێی دەرەنجامی توندوتیژ بکات.
ئاوارەکانی پۆڵەندا و چاڵاکیی قاچاخچێتی
پڕوپاگەندەی ڕوسی و بیلاڕوسی دەخوازێت وێنەیەکی ناشیرینی وڵاتی پۆڵەندا و هەڵوێستی بەرانبەر ئاوارەکان نیشان بدات. ئەو ڕاستییەی کە پۆڵەندا چەند ملیۆنێک ئاوارەی ئوکراینای وەرگرتووە و لە لایەکی تر لەسەر سنوری بیلاڕوس دیوارێکی کۆنکریتی دروستکردووە، هەموو ئەوانە دیپۆرت دەکاتەوە کە دەیانەوێ سنوری وڵاتەکە ببەزێنن، گوایا ئەوە دووڕوویی ڕاشیزمی پۆڵەندا دەردەخات. بەڵام ئەوە بە تەواوی قسەی هەڵبەستراوە. پێش هەموو شتێک ئەوانەی لە ئوکرایناوە دێن کەسانێکن لە ناوچەی جەنگەوە هەڵاتوون بەرەو پۆڵەندا، هەروەک ئەوانەی کە لە دەستی داعش ڕایاندەکرد بەرەو هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی تری ژێر کۆنتڕۆڵی سوپای فیدراڵی عێڕاق. بەڵام ئەوانەی کە سنوری بیلاڕوس-پۆڵەندا دەبەزێنن، ئەوانەن کە بە شێوەیەکی یاسایی چوونەتە بیلاڕوس، ئەوەش لە ڕێگەی کۆمپانیای تایبەت و هاوئاهەنگ لەگەڵ ڕژێمێکی دوژمنی وڵاتی پۆڵەندا، ئەنجا دەیانەوێ یاسای پۆڵەندی بشکێنن و مەترسی دروست بکەن بۆ سەر ئاساییشی پۆڵەندا. ئایا ئەوانە بە هۆشیاری ئەو کارەیان هەیە کە دەیکەن یان نا ئەوە هیچ گرنگییەکی نیە. پێویستە ئەوەش بڵێین کە پۆڵەندا دەیان هەزار ئاوارەی لە بیلاڕوسیشەوە وەرگرتووە (هاوڵاتی بیلاڕوس)، کە هەڕەشەی زیندانی کردن و ئەشکەنجەدانیان لەسەر بووە، چونکە ئۆپۆزسیۆن بوون دژی دەسەڵات. ئاوارە ئەو کەسانەن کە بەهۆی جەنگەوە هەڵدێن یان ڕاوەدوو دەنرێن، نەک ئەوانەی کە حەز دەکەن لە وڵاتێکی دیکە بژین و بۆ ئەوەی باشتر بژین.
لە ڕوانگەی ڕێساکانی ئاساییشی بەزاندنی سنوری پۆڵەندا ئەوەش گرنگ نیە، کە ئایا ئەو کەسانەی هاتوونەتە بیلاڕوس دووچاری مەترسی دەبنەوە یان نا، ئایا سەگیان تێبەردەدرێت لە لایەن سەربازانی بیلاڕوسەوە، یان ئازار دراون و ڕاپێچ کراون بۆ سنورەکانی پۆڵەندا، یان مامەڵەیان لەگەڵ کراوە وەکو نیوەمرۆڤ. بەڵێ ئەوهایە بیلاڕوسی ئوکاشێنکۆ، هەر کەسێک بیەوێت بۆ ئەوێندەر بچێت ئەوا دەبێت چاوەڕێی ئەو دەرەنجامە بکات. ئەو کۆمپانیایانەی کە کۆچبەران دەهێنن بۆ بیلاڕوس درۆ دەکەن و دەبێت گلەیی لەوان بکرێت، نەك لە پۆڵەندا. پۆڵەندا بەرپرسیارێتی ئەو هەڵناگرێت کە چۆن کۆچبەران مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت لە وڵاتی بیلاڕوس، دەزانین کە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت بەشێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە، هەروەک چۆن داعش مامەڵەی لەگەڵ خەڵکی دەکرد. پۆڵەندا دانوستان ناکات لەگەڵ تیرۆریستانی ئوکاشێنکۆ، کە وەکو بارمتە مامەڵە لەگەڵ کۆچبەران دەکەن و بەکاریان دەهێنن بۆ گەمەی سیاسی خۆیان و تراژیدیای مرۆیی. ئەگەر پۆڵەندا دانوستانی بکردایە لەگەڵ بیلاڕوس لەسەر ئەو پرسە، ئەو کاتە دەبووە هۆی هاتنی ژمارەیەکی زۆرتری کۆچبەران و دروست کردنی مەترسی لەسەر ژیانیان، چونکە ئەو پلانی تیرۆریستانی ڕوسی و بیلاڕوسی بوو.
لەبەر ئەوە پۆڵەندا سنورەکانی خۆی ناکاتەوە بۆ هیچ کەسێک، کە بەم شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت لە لایەن پیاوکوژانی ڕوسی-بیلاڕوسی. لقی ئەو کۆمپانیایانە کە بەم کارانە هەڵدەستن لە وڵاتان، لەوانە لە عێڕاق بەرپرسن لەوە، کە ئەم جۆرە کۆچکردنە ڕێك دەخەن، پێویستە هەرچی زووە دابخرێن و خاوەنەکانیشیان وەکو تاوانبار مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، چونکە وەکو خانەی تیرۆریستانی داعش خەڵک هان دەدەن بۆ چوونە ناو ئەو گڕوپە. پرسێکی شەڕەفە کە خانەوادەکانی ئەو کۆچبەرانە هەستن بە سزادانی ئەو تاوانبارانە کە خەڵیان بەرەو هەندەران برد. چونکە ئەوە تاوانی ئەوانەیە کە ئەو جۆرە گەشتانە ڕێكدەخەن و پارەیەکی زۆریش لەپای ئەوە وەردەگرن، نەک تاوانی پۆڵەندا، کە بەرگری لە سنورەکانی خۆی دەکات وەک ئەوەی هەموو وڵاتێک دەیکات.
ئەوەش گرنگیی نیە کە ئایا ئەو کۆچبەرانە دەیانەوێ بێنە بۆ پۆڵەندا یانیش پۆڵەندا وەکو وڵاتێکی ترانزیت بەکاربهێنن و ئامانجیان وڵاتێکی دیکەی ئەوڕوپی بێت، بە تایبەتی ئەڵمانیا. ڕاستییەک هەیە، لە هیچ کام لە بانگەشەکان وڵاتی پۆڵەندا وڵاتی ئامانج نیە، کەواتە مەبەستی کۆچبەران دۆزینەوەی پەناگەیەک نیە لە پۆڵەندا. بەداخەوە، ئەگەر کەسێك پۆڵەندا وەکو ڕێگەیەک بەکاربهێنێت کە بە ئاسانی دەستی بگاتە وڵاتانی دیکە و ئەوی بیخوازێت بیکات، ئەوە نەک تەنها بێ ڕێزیە بەرانبەر ئەو وڵاتە، بەڵام هەڵەیەکی گەورە دەکات. ئایا هیچ کەسێک حەزدەکات کەسێکی بێگانە بە ئاسانی بەناو ماڵی دا تێپەڕێت؟
سنوری نێوان پۆڵەندا و بیلاڕوس سنوری دەرەوەی یەکێتی ئەوڕوپایە، پۆڵەنداش پابەندە بە پاراستنی. پۆڵەندا ئەرکی خۆی بەجێ دەهێنێت لە ئاستێکی نێودەوڵەتی. بۆیە کاتێك کەسێک سنوری پۆڵەندا دەبڕێت، ئەوە ئەگەر بێت و لە زەلکاوەکان نەخنکێت یان لە سەرمان ڕەق نەبێتەوە، ئەوا لە زۆرترین ئەگەردا لە ڕێگای ئەڵمانیا دەسگیر دەکرێت. ئەوە ڕێگایەکی دوورە، ئەو تاوانبارانەی کە کۆچبەران دەبەن بۆ وڵاتان، مامەڵەی ئاژەڵ بۆ کۆچبەران دەکەن، لە ناو جانتا و سندوقی تەسکی بارهەڵگر بێ هەبوونی هەواگۆڕکێ. لەو بارودۆخەدا دەبێت چەند سەت کیلۆمەترێک بەڕێگا بڕۆن و زۆربەی زۆریشیان لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی پۆڵەندا دەسگیردەکرێن. بەڵام لەوەش خراپتر کە دووچاری کۆچبەران ببێتەوە ئەوەیە، کە لە ڕێگادا ئەگەری مردنیان هەیە بەهۆی خنکانەوە لەبەر نەبوونی مەرجی مرۆیی لەکاتی گواستنەوەیان.
ناتێگەیشتووییە ئەگەر وابزانن دەزگا ئەمنییەکانی پۆڵەندا ڕێگری ناکەن لە کۆچی نایاسایی و ئەو کۆچبەرە ناشەرعییانە دەسگیرناکەن کە دەیانەوێ خاکی پۆڵەندا ببڕن بۆ گەیشتن بە ئەڵمانیا. ئەوە ئەرکی دەزگا ئەمنییەکانە و دەبێت جێبەجێی بکەن. کۆچکردن بەناو خاکی پۆڵەندا و چوونە ناو وڵاتانی یەکێتی ئەوڕوپا بریتی نیە لە “لەکۆڵ کردنەوەی کێشەکە”. چونکە یەکەم: پۆڵەندا بەرپرسیارە، وڵاتێکی خاوەن ئەرک و سەروەرییە، بە جددی یاساکان جێبەجێ دەکات و ئابڕووی خۆی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی دەپارێزێت. دووەم: کۆچکردن بەناو خاکی پۆڵەنداوە بۆ هەر وڵاتێکی دیکەی یەکێتی ئەوڕوپا دەبێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر گۆڕینی ڕێساکانی سنوری ناوخۆی یەکێتی ئەوڕوپا لە زۆنی شێنگێن و گەڕاندنەوەی خاڵی کۆنتڕۆڵی سنورەکان. پۆڵەندییەکان ئەوە ناخوازن و مافی خۆشیانە. سێهەم: بەگوێرەی ڕێكکەوتنە دوو قۆڵییەکان و ڕێساکانی یەکێتی ئەوڕوپا، ئەو بێگانانەی بەشێوەیەکی نایاسایی سنوری پۆڵەندا-ئەڵمانیا دەبڕن، دەبێت بگەڕێنرێنەوە بۆ وڵاتی یەکەم، واتا یەکەم وڵاتی یەکێتی ئەوڕوپا کە کۆچبەر بۆی هاتووە، واتا بۆ پۆڵەندا. لێرەدا دەکەونە ناو کامپی داخراو، تا ئەو کاتەی دۆسیەکانیان یەکلایی دەکرێنەوە کە ئایا مافی پەنابەرێتی و ئاوارەییان هەیە یان نا.
ڕێگای یاسایی (شەرعی) بۆ پۆڵەندا
تەنانەت ئەگەر کەسێک وەکو ئاوارە لەقەڵەم درا و مافی مانەوەی پێدرا، واتای ئەوە نیە کە دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی سنوری پۆڵەندا ببڕێت. ئەوە وەکو تاوان ئەژمار دەکرێت، بەهۆی ئەو کردەوە دوژمنکارییانەی بیلاروس و پاڵنەری ڕوسیا و جەنگی ئوکرایناوە، ئەوە دەبێتە هۆی دروست کردنی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ئاساییشی پۆڵەندا. ئەوانەی بەم شێوەیە ڕەفتار دەکەن دەبێت چاوەڕێی دەرەنجامەکەی بکەن، بێ گرنگی دان بەوەی بە چ هۆکارێک هاتوونەتە وڵاتی بیلاڕوس. بە گوێرەی ئامارەکان، ئەوانەی کە دەیانەوێ سنوری وڵاتی پۆڵەندا ببڕن، ئەوانەی کە مافی پەنابەرییان هەیە تاکوتەران. لە کاتێکدا سزای بڕینی سنوری بەشێوەی ناشەرعی بریتییە لە ٣ ساڵ زیندانی. ئەوەش کە ئەم جۆرە کۆچکردنە ڕێکبخات بۆ سزاکەی دەگاتە ٨ ساڵ زیندانی کردن. پەلاماردانی دەزگای ئەمنی پۆڵەندی سزاکەی دەگاتە ١٢ ساڵ زیندانی، تا ئەو کاتەی دیپۆرت دەکرێتەوە. ئەو کەسانەش سزای قەدەغەی چوونەی ناو یەکێتی ئەوڕوپایان بەسەردا دەسەپێنرێت. ئەو کەسانە ئیتر ناتوانن بەشێوەیەکی یاساییش بێنە ناو خاکی یەکێتی ئەوڕوپا.
هەزاران هاوڵاتی عێڕاق و وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ساڵانە بەشێوەیەکی شەرعی دێنە ناو خاکی پۆڵەندا. ئەوانیش بریتین لە گەشتیاران، قوتابیان، کرێکاران و هتد. ئەوانە پێشوازییان لێ دەکرێت کە بەشێوەیەکی یاسایی دێن. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ تاوەکو ناوەڕاستی ٢٠٢٣ پۆڵەندا مافی ٥٧٠ کەسی بۆ ئیقامەی کاتی داوە. بەڵام هەرچەند ژمارەیەکی زۆرتر بیانەوێت بە نایاسایی بێنە ناو خاكی پۆڵەندا ئەوەندە زەحمەتتر دەبێت پێدانی مافی هاتنە ژوورەوە. پۆڵەندا هەر تەنها ئاوارەی وڵاتی ئوکراینا وەرناگرێت، لە ساڵی ٢٠٢٢ لە پۆڵەندا زێتر لە ١٠ هەزار کەس داوای مافی پەنابەرێتی کردووە، (ئەوەش ژمارەیەکی کەمی ئوکراینییەکان لەخۆ دەگرێت، چونکە ئەوان بە ڕێوشوێنێکی دیکە وەردەگیرێن). لەم ژمارەیە ٦٣٩ کەسیان خەڵکی عێڕاقن. ٤٩٦٢ کەس وەڵامی ئەرێنی وەرگرتووە کە ١٠ کەسیان هاوڵاتی عێڕاقن. بۆ بەراورد کردن، لە چەند ساڵی ڕابردوو، پۆڵەندا مافی پەنابەرێتی داوەتە ١٥٠ کوردی سوریا و ئیران و تورکیا. لە ساڵی ٢٠٢٢ ، بیست هاوڵاتی عێڕاق داوای کارتی ئیقامەی هەمیشەیی کردووە، دوو کەسیش داوای داوای مافی ئیقامەی یەکێتی ئەوڕوپای کردووە، ٢٧٧ کەسیش داوای ئیقامەی کاتی کردووە. لە هەمان کاتدا پۆڵەندا ١٩ بڕیاری ئەرێنی داوەتەوە بۆ مافی مانەوەی هەمیشەیی، ٧ بڕیاری نێگەتیڤ، ٢ کەیسی پێداچوونەوە بۆ کردووە، ١ حاڵەتیش هەڵپەسێردراوە. هەرچێ ئیقامەی یەکێتی ئەوڕوپایە، ئەوا یەک بڕیاری نێفگەتیڤ دراوە، هەرچی مانەوەی کاتییە ١٨١ کەس وەری گرتووە، ٤٧ کەس ڕەت کراوەتەوە، ٦ حاڵەت چاوی پێدەخشێنرێتەوە و ٢٣ حاڵەتی دیکەش هەڵپەسێردراوە. پێویستە ئەوە ڕوون بکرێتەوە، کە ئەو بڕیارانەی لە ساڵێک دراون مەرج نیە کەیسەکان هی هەمان ساڵ بن، چونکە ڕێکارەکان چەندین مانگ دەخایەنن. بەڵام لەوە بەدەر دەکەوێت کە پۆڵەندا جیاکاری ناکات لە نێوان هیچ لایەنێک و دەرگاشی بۆ خەڵکی عێڕاق دانەخراوە، بە مەرجێک پابەندی یاساکانی پۆڵەندا بن و ئەو کاتەش مانەوەیان لەو وڵاتە شەرعی دەبێت.
لەوەدا پێویستا ناکات ژیانی خۆ بخرێتە مەترسیەوە و پەنا ببرێت بۆ بڕینی سنور بەشێوەیەکی نایاسایی چونکە ئەوە تاوانە. دەبێت ئەوە لەیاد نەکرێت هەموو وڵاتێک مافی پاراستنی ئاساییشی خۆی هەیە، بە تایبەتی لە دۆخێکی وەکو ئەوەی عێڕاق و هەرێمی کوردستان دووچاری ببوون لە جەنگی داعش، ئێستاش پۆلەندا دووچاری هەمان دۆخ بووەتەوە بەهۆی کردەوەکانی هەریەک لە وڵاتانی ڕوسیا و بیلاڕوس و هەروەها جەنگ سەر وڵاتی ئوکراینا. تاوانباران ئەوانەی خەڵکی هان دەدەن بۆ گەشت کردن بەو ڕێگەیە درۆ دەکەن و دەبێت بەرپرسیارێتی دەرەنجامی تراژیدی لە ئەستۆ بگرن. دەبێت لە پای ئەو کارە سزا بدرێن، ئەوەش بە تەنها پرسی یاسا نیە، بەڵکو پرسی شەرەفە.
—
Public task financed by the Ministry of Foreign Affairs of the Republic of Poland within the grant competition “Public Diplomacy 2023”
The opinions expressed in this publication are those of the authors and do not reflect the views of the official positions of the Ministry of Foreign Affairs of the Republic of Poland.